25/02/2018
ئەندرۆید سامسۆنگ Galaxy S9 و +Galaxy S9ی بە تایبەتمەندی ناوازەوە ڕاگەیاند
لە کۆتاییدا و دوای چەند مانگێک لە پێشبینی و دەنگۆ و هەواڵی دزەپێکراو هەریەک لە گالەکسی ئێس ٩ و ئێس ٩+ لە شاری بەرشەلۆنە ڕاگەیەندران.
مۆبایلە نوێیەکان هاوشێوەی ئێس ٨ لە شووشە دروست کراون و چوارچێوەکانیان کانزایە، دژە ئاو و تۆزن، بەڵام لێوارەکانیان بچوکتریش کراونەتەوە.
هەروەک پار مۆبایلە نوێیەکان خاوەن ڕوونمای Amoledن بە ڕوونی QHD و قەبارەکانی ٥.٨ ئینچ و ٦.٢ ئینچ، هەروەها سامسۆنگ بەڵێن دەدات ڕوونما نوێیەکان ڕەنگی ڕەش بە شێوەیەکی قوڵتر و باشتر نیشان بدەن لەوانەی پێشتر.
مۆبایلەکان خاوەن پڕۆسێسەری Exynos 9810ن کە دروستکراوی سامسۆنگ خۆیەتی و ٤ ناوکی تایبەتی Mongoose M3 و ٤ ناوکی Cortex A-53 لەخۆدەگرێت و خاوەن یەکەی چارەسەری گرافیکە لە جۆری Mali-G72 MP18(لە باکووری ئەمریکا و چین مۆبایلەکان جیاواز لە تەواوی جیهان بە پڕۆسێسەری Snapdragon 845 کار دەکەن)، ئێس ٩ خاوەن ٤گب ڕام و ئێس ٩+ خاوەن ٦گب ڕامە، جگە لەمەش مۆبایلەکان بە بیرگەکانی ٦٤گب، ١٢٨گب و ٢٥٦گب بەردەست دەبن.
ئەو لایەنەی زۆرترین گۆڕانکاری تیادا کراوە کامێرایە، گالەکسییە نوێیەکان خاوەن کامێرای ١٢ مێگاپیکسڵن کە تایبەتمەندی (variable aperture)ی هەیە و ڕێگات پێدەدات بە هەریەک لە تیرەی جاوەکانی f/1.5 و f/2.4 وێنە بگریت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ گرتنی وێنەی نایاب لە هەردوو ژینگەی ڕووناک و تاریکیشدا.
جیاوازی ئێس ٩+ لە برا بچووکەکەی ئەوەیە کە خاوەن کامێرایەکی دیکەشە لە پشتەوەی، کامێرای دووەم هاوشێوەی نۆوت ٨ ڕوونییەکەی ١٢ مێگاپیکسڵ و تیرەی چاوەکەی (f/2.4)ە.
گالەکسییە نوێیەکان دەتوانن ڤیدیۆی 4K بە 60fps یاخوود ٦٠ وێنە لە چرکەیەکدا تۆمار بکەن، هەروەها دەتوانن هاوشێوەی سۆنی ئێکسپیریا ئاست بەرزەکانی پار ڤیدیۆی Super Slow-Mo بە ڕوونی 720P تۆمار بکەن بە 960fps یاخوود ٩٦٠ وێنە لە چرکەیەکدا، بەڵام باڵادەستی گالەکسییە نوێیەکان بەسەر ئێکسپێریاکاندا ئەوەیە کە خۆیان درک بە گونجاوی بارەکە دەکەن و ڤیدیۆکەت خودکارانە هێواش دەکەنەوە بەمەش هیچ دیمەنێکی ناوازەت لە دەست ناچێت! تەنانەت لەگەڵ سامسۆنگ دەتوانیت زۆر بە ئاسانی ڤیدیۆکان بکەیتە GIF.
لە پێشەوە هاوشێوەی ئێس ٨ کامێرایەکی ٨ مێگاپیکسڵ بە تیرەی جاوی (f/1.7) بوونی هەیە، بەڵام ئەمجارەیان کامێراکە خاوەن تایبەتمەندی AR Emojiیە کە زۆر بە ئاسانی و لە ڕێگای گرتنی وێنەیەکتەوە تۆ بە شێوەیەکی کارتۆنیی سێ دووری دروست دەکاتەوە کە دەتوانیت دواتر دەستکاری بکەیت و جل و بەرگ و قژ و هتد.. لەگەڵ خۆتدا بگونجێنیت، هەروەها مۆبایلەکە لەسەر بنەمای شێوەت کۆمەڵێک ستیکەرت بۆ دروست دەکات کە دەچنە ناو تەختەکلیلەکەت و دەتوانی بۆ هاوڕێیانتیان بنێریت.
مۆبایلە نویێەکان خاوەن دەرچەی بیستۆکی ٣.٥ میللی مەتر و بڵندگۆی ستێریۆن لە جۆری Harman AKG و پشتگیری Dolby Atmos دەکەن و بە وتەی سامسۆنگ بە ڕێژەی ٤٠٪ دەنگیان لە بڵندگۆی ئێس ٨ بەرزترە.
مۆبایلەکان بە ڕووکاری Grace UXی تایبەت بە سامسۆنگ کار دەکەن کە لەسەر ئەندرۆید ئۆریۆ بنیاد نراوە و هاوشێوەی زنجیرەی ئێس ٨ پاتری بە فراوانییەکانی ٣٠٠٠ میللی ئەمپێر.کاتژمێر، ٣٥٠٠ میللی ئەمپێر.کاتژمێر لەخۆدەگرن، و شێوازێکی نوێی کردنەوەی قفڵ بەکاردێنن کە لە هەمان کاتدا ناسەرەوەی ڕووخسار و گلێنەی چاو بەکار دێنێت.
مۆبایلەکان چوار ڕەنگیان هەیە: مۆر، ڕەش، شین و خۆڵەمێشی و لە ڕۆژی ٢ی مانگی داهاتوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەست دەبن بۆ داواکردنی پێش وەختە و نرخیان دەست پێدەکات لە:
٧٢٠ دۆلار بۆ ئێس ٩
٨٤٠ دۆلار بۆ ئێس ٩+
پێویستە چاوەڕێ بکەین و نرخەکانی کوردستان ببینین.
سەرچاوە:gsmarena.com
phonearena.com
androidauthoty.net
Galaxy S9 MWC 2018
سامسۆنگ گالەکسی گالەکسی ئێس ٩
مۆبایل هەواڵ
25 شوبات، 2018
27/09/2015
12/05/2014
12/05/2014